بەریتانیا.. دەرمانێكی كاریگەر بۆ رزگاركردنی گیانی تووشبوانی كۆرۆنا راگەیەنرا

16/06/2020 جیهان

نەوا
پسپۆڕانی بواری پزیشكی لە بەریتانیا رایانگەیاند، جۆرە دەرمانێك كە لە ئێستادا لە بازاڕەكاندا هەیە دەتوانێت گیانی رێژەیەكی بەرچاوی تووشبوانی كۆرۆنا رزگار بكات.
بەپێی هەواڵێكی بی بی سی پسپۆڕانی تەندروستی لە بەریتانیا بۆیان دەركەوتووە، كە دێگزامێتازۆن دەتوانێت گیانی یەك لەسەر سێی ئەو تووشبوانەی كۆرۆنا رزگاربكات كە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە.
ئەم دەرمانە یەكێكە لە دەرمانە بەردەستەكان كە لەسەرتاسەری جیهان پشتیان پێدەبەسترێت بۆ رزگاركردنی گیانی تووشبوانی كۆرۆنا، بەتایبەتی ئەوانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە.
هەرزانی ئەو دەرمانە و بوونی بە رێژەیەكی زۆر لە بازاڕەكان وایكردووە ئومێدی ئەوەی لەسەر هەڵبچنرێت كە ببێتە مایەی رزگاركردنی گیانی ژمارەیەكی زۆر لە تووشبوانی كۆرۆنا.
بەوتەی پسپۆڕانی پزیشكی بەریتانیا ئەگەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە ئەو دەرمانەیان بەكاربهێنایە، دەتوانرا گیانی زیاتر لە 5 هەزار كەس رزگاربكەن.
دێگزامێتازۆن دەرمانێكە بۆ چارەسەركردنی هەوكردن لەلەشدا بەكاردەهێنرێت و بە شێوەكانی دەرزی، حەب و شروب بەردەستە. ئەو دەرمانە كاریگەری باشی لەسەر وەستاندنی پەرچەكرداری لەرادەبەدەری لەش بەرامبەر بە كۆرۆنا هەیە.
لە زۆربەی تووشبوانی كۆرۆنادا بەرپەرچدانەوەی توندی سیستەمی بەرگری بە ڤایرۆسەكە، كە بە زریانی سایتۆكاین ناسراوە، دەبێتە هۆی مردنی تووشبووەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group