توركیا هێزی كۆماندۆی هێنایه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

17/06/2020

نه‌وا
لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا دەستیپێكردوە، هێزێكی كۆماندۆی سوپای ئەو وڵاتە هاتونەتە نزیك زاخۆ و بەیانی ئەمڕۆش سوپای ئێران تۆپبارانكردنی ناوچەی حاجی ئۆمەرانی دەستپێكردەوە.
سەبارەت بە لەشكركێشییەكەیان، وەزارەتی بەرگریی توركیا ئاشكرایكردووە، لەمیانی ئۆپەراسیۆنی (چنگ-پڵنگ) هێزێكی كۆماندۆی سوپای وڵاتەكەیان هاتونەتە ناوچەی حەفتەنین لە سنوری زاخۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە". 
وەزارەتی بەرگریی توركیا راشیگەیاندوە، هێزی ئاسمانی و هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان پاڵپشتیی ئەو هێزەی كۆماندۆی وڵاتەكەی دەكەن، بۆئەوەی پەكەكە و ئەوەی ئەو ناوی ناوە "تیرۆریستانی دیكە"، بە ئامانجبگرن، كە گوایە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی خەڵكی توركیا و سنورەكانی.
دوو رۆژ لەمەوبەریش سوپای توركیا بەسەرپەرشتی وەزیری بەرگری، ئۆپەراسیۆنی (چنگ-هەڵۆ)ی بۆ بۆردومانكردنی 81 ئامانج لە باشوری كوردستان ئەنجامدا.
لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەك، سوپای ئێران تۆپبارانكردنی گوندە سنورییەكانی سەربە شارۆچكەی حاجی ئۆمەرانی لە پارێزگای هەولێر دەستپێكردەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group