په‌رله‌مانتارێكی كورد: به‌هۆى هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ 35 گوندى كوردى چۆڵكراون

17/06/2020

نه‌وا
شێركۆ میروه‌یس ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت "له‌ ترسى هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان 35 گوندى سه‌ربه‌ قه‌زاى خانه‌قین چۆڵكراون و به‌رده‌وامیش چۆڵكردنى گونده‌كان له‌زیادبوندان".
شێركۆ میروه‌یس وه‌ك نوێنه‌ری خانه‌قین و دیاله‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتى "له‌ماوه‌ى دوو ساڵى رابردودا گونده‌ كوردییه‌كانى سنورى قه‌زاى خانه‌قین روبه‌ڕوى مه‌ترسى راسته‌قینه‌ بونه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 100 هاووڵاتى و ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌هۆى هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ كوژراون".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنی یه‌كێتى باسى له‌وه‌شكردوه‌، هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كان بونه‌ته‌هۆى چۆڵكردنى 35 گوندى كوردى و 300 خێزانى كوردیش ئاواره‌ی ناو قه‌زاى خانه‌قین و ئه‌و ناوچانه‌ى دیكه‌ بون، كه‌ ئارامترن.
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كاندا قسه‌یان كردوه‌ و به‌ حكومه‌تى فیدراڵییان وتوه‌ ئه‌و به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ى به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دێت له‌ ده‌وروبه‌رى قه‌زاى خانه‌قین و پێویسته‌ ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ خێرایى چاره‌سه‌ربكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group