ئارێز عه‌بدوڵڵا: بێده‌نگبون له‌ به‌رامبه‌ر داگیركاریی توركیا خیانه‌تی نیشتمانییه‌

18/06/2020

نه‌وا
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، هێرشه‌كانی توركیا بۆ دوا رۆژی خودی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێده‌نگه‌، مه‌ترسیداره‌ و بێده‌نگ بون لێی خیانه‌تی نیشتمانییه‌.
ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی "قه‌واره‌ی هه‌رێم بۆ گه‌لی كوردستان هێنده‌ گرنگه‌، ده‌بێت هه‌مومان وه‌ك بیلبیله‌ی چاو بیپارێزین، به‌ڵام پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ ته‌نیا به‌ پێی پێویستی و حه‌ز و نزا ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌موو رێككاره‌ پێویسته‌كان بگرنه‌به‌ر".
وتوشیه‌تی "باش له‌ سیاسه‌ت و ستراتیجیه‌تی ده‌وڵه‌تی تورك تێده‌گه‌ین، پیلان و كرداره‌كانیشی له‌ناو خودی توركیا و له‌ رۆژئاڤا و باشور هێنده‌ زه‌قن شرۆڤه‌ی ناوێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستاش بۆی چۆته‌سه‌ر، بۆیه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ پیلان و پلانه‌كانی له‌ دژی مافه‌ ره‌واكانمان گه‌وره‌تر و چڕتر ده‌كاته‌وه‌".
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نوسیویشیه‌تی "هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌مجاره‌ی توركیا هه‌ر ته‌نیا سه‌ربازی نین، به‌ڵكو مه‌رامێكی سیاسی گه‌وره‌تریشی له‌ پشته‌وه‌یه‌، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك و هه‌ر هۆكارێك بێت ئه‌مریكای بێ ده‌نگ كردوه‌، له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌، بارودۆخی ناله‌باری عیراقی قۆستۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ رێككه‌وتن بێت یان نا، حكومه‌تی هه‌رێمی بێ ده‌نگ كردوه‌".
له‌ درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، داگیركاری و په‌له‌ماره‌كانی توركیا ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ك پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سه‌روه‌ریی خاكی عیراق و هه‌رێم بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بۆ دوارۆژی خودی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێده‌نگه‌، مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ : مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا ده‌بێته‌ دومه‌ڵێكی شێرپه‌نجه‌یی له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها بێده‌نگ بوونی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئاست ئه‌و داگیركاری و پێشێلكاریانه‌ی توركیا، هانی حكومه‌تی عیراق ده‌دات كه‌ هێزه‌كانی به‌ره‌و ناو هه‌رێم و ناوچه‌ سنورییه‌كان بجوڵێنێت. ئێستاش له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و راگه‌یاندنه‌كانی عیراق ده‌نگێكی گه‌وره‌ ده‌بیسترێت كه‌ ده‌ڵێن: بۆچی حكومه‌تی هه‌رێم رێگه‌ به‌ سوپای داگیركه‌ری توركیا ده‌دات، به‌ڵام رێگه‌ به‌ سوپای نیشتیمانی عیراقی نادات؟!.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group