هەپەگە كوژرانی ژمارەیەك سەربازی توركیای راگەیاند

29/06/2020

نەوا
هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند: لە چەند چالاكییەكی گەریلادا لە ناوچەی گەڤەر-ی باكوری كوردستان و ناوچەی خواكورك-ی باشوری كوردستان، شەش سەربازی توركیا كوژران و ئۆتۆمبێلێكیش تێكشكێنرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: رۆژی 2٥ی حوزەیران لەسەر ڕێگای دەڤەری دۆڵی "حەیدەران"ی ناوچەی گەڤەڕی جۆلەمێرگ، هێزەكانیان ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای توركیایان كردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەكە تێكشكێنراوەو چوار سەربازی ناویشتی كوژراون.
بەپێی بەیاننامەكە دوای چالاكییەكە سوپای توركیا لەناوچەكە دەستی بە ئۆپەراسیۆن و بۆردومان كردوەو لە ئاكامدا گەریلایەك بە ناوی "بروسك بۆتان" شەهید بوە.
هەپەگە لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە رۆژی 27ی حوزەیران هێزەكانیان لە گردی شەهید "سەفقان" لە دەڤەری ئەرموشی سەربە ناوچەی خواكورك، هێزێكی سوپای توركیایان كردۆتە ئامانج و لە ئەنجامی چالاكییەكەدا دو سەرباز كوژراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمڕۆ دوشەممە ٢٩ی حوزەیران (ئەمڕۆ) لە گردی لێلیكانی سەربە خواكورك هێزەكانیان چالاكیان دژبە سوپای توركیا ئەنجامداوەو لە چالاكیەكەدا لە سەنگەر و پەناگاكانی دوژمندراوە و ژمارەیەك سەرباز بریندار بون و كوژراون بەڵام ژمارەیان نەزانراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group