حكومەتی عیراق وەزارەتی تەندروستی سەرپشك كرد لە دامەزراندنی كارمەندی پزیشكی

29/06/2020 عێراق

نەوا
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی حكومەتی عیراق چەندین بڕیاری تایبەت بە روبەروبونەوەی كۆرۆنا دەركرد، لەناویاندا بڕیاریدا تاقیگە ئەهلییەكان پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامبدەن بەو مەرجەی لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی عێراقدا كاربكەن.
رۆژی دووشەممە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لیژنەكە كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا چەندین بڕیاری دەركرد.
لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق دەریكرد ئەوەیە كە رێگە بدرێت تاقیگە ئەهلییەكان پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامبدەن بەو مەرجەی لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی عێراقدا كاربكەن.
هاوكات لیژنەكە وەزارەتی تەندروستی سەرپشك كرد لە دامەزراندنی كارمەندی پزیشكی و پڕكردنەوەی پێداویستیە تەندروستیەكانی وەزارەتی تەندروستی وەك هەوڵێك بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا و رەزامەندی‌ لەسەر ئامادەكردنی‌ بودجەی‌ پێویست بۆ وەزارەتی‌ تەندروستی دەربڕی‌.
لە بڕیارێكی دیكەدا هاتوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی‌ بەغدا و پارێزگاكان ئەركی‌ جێبەجێكردنی‌ سەرجەم رێوشوێنەكانی‌ قەدەغەی‌ هاتووچۆ بەوردی‌ دەگرنە ئەستۆ و لە هەر پێشێلكردنێك بەرپرسیار دەبن.
بڕیاردرا ئۆكسجین لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانەوە بێتە ناو خاكی‌ عێراقەوە. هەروەها بڕیاری‌ قەدەغەی‌ هاتوچۆی كارمەندانی‌ كۆمپانیای‌ عەرەبی‌ بۆ دروستكردنی‌ دەرمان و پێداویستی‌ پزیشكی‌ "ئاكای‌" ناگرێتەوە تا بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی‌ پێداویستییە پزیشكییەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group