مەسرور بارزانی: سازش لەسەر مافە دەستورییەكانی هەرێم ناكەین

30/06/2020

نەوا
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ناكەن.
 ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30 مەسرور لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لە گەڵ شاندی دانوستانكار لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، تیشكی خستە سەر سەردانی هەفتەی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆكان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی و پێشنیارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت.
وتیشی ھەرێمی كوردستان داكۆكی و پێداگیریی لە مافە رەواكانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەكات و هەرگیز سازشیان لە سەر ناكات.
لە ماوەی رابردوودا، سێجار شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و بە بێ هیچ رێككەوتنێك گەڕاونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group