گۆڕان و یەكێتی كۆدەبنەوە

30/06/2020

نەوا
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆببنەوە.
دلێر عەبدولخالق رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەوبارەیەوە و لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: بڕیارە سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 1/7/2020 وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بكەن و، لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆببنەوە.
ئاماژە بەوەش دەكات كە پرسی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆران، پەیوەندییەكانی هەردولا، باشتركردنی پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنەكان، چاكسازی و ئاڵنگاریەكانی بەردەم هەرێم و رێككەوتنی حكومەتی خوجێی سلێمانی بابەتی گفتوگۆ دەبن.
پێشتریش بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە و تیایدا پڕۆسەی چاكسازی و دۆزینەوەی دەرچە و چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانانەی رویان لە هەرێمی كوردستان كردوە، لەوانە بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان بوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group