قوباد تاڵه‌بانی: گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان به‌رده‌وام ده‌بن

06/07/2020

نه‌وا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: گفتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی هەرێم تا گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەردەوام دەبن.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، قوباد تاڵە‌بانی لە درێژەی کۆبونەوەکانی لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، لە‌ ھە‌ولێر، لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی کرا، ھە‌روە‌ھا گفتوگۆكانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غدا سە‌بارە‌ت بە‌ كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان تە‌وە‌رێكی دیکەی كۆبونە‌وە‌كە‌ بون.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق کرا لە‌و ناوچانە‌ دوای ئەوەی ئەزمونی چەند ساڵی رابردو و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەریخست بەبێ هەماهەنگی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا ئەستەمە لەڕوی ئەمنییەوە سەقامگیری لەو ناوچانە مسۆگەر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لە‌ دوایین پەرەسەندنی دانوستانەکانی نێوان هەولێرو بەغدای کردو رایگەیاند: گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق تا ئە‌وكاتە‌ی دەگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارە‌سە‌رکردنی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group