پێشتر دەرمانەكەی ئاوامێدیكا بۆ توشبوانی كۆرۆنا بەكارهاتووە و كاریگەریی هەبووە

09/07/2020

نەوا
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ئەو دەرمانەی كۆمپانیای ئاوامێدیكا بەرهەمیدەهێنێت، پێشتر لە سلێمانی بۆ چەند نەخۆشێك بەكارهاتووە و كاریگەریی هەبووە.
دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا، قسەی لەبارەی ئەو دەرمانە كرد، كە كۆمپانیای ئاوەمێدیكا بەرهەمیدەهێنێت بۆ چارەسەری توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و هەمان ئەو دەرمانەیە، كە لە روسیاش بەكاردێت، رایگەیاند، دەرمانەكە دژەڤایرۆسە و كۆمپانیا روسییەكە رێگەپێدانی داوە بە كۆمپانیای ئاوامێدیكا، گرێبەستەكە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عیراقەوە كراوە و دەشبێت لەرێگەی ئەوانەوە دابەشبكرێت.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتی، كە دەرمانەكە بەرهەم هات، وەزارەتی تەندروستیی عیراق وەریدەگرێت و دابەشیدەكات بەسەر نەخۆشخانەكاندا و پێداویستیی نەخۆشخانەكانی پێ پڕدەكرێتەوە، دواتر دەكرێت بخرێتە ناو بازاڕەوە.
دكتۆر هێرش سەید سەلیم ئاشكراشیكرد، ئەو دەرمانە بۆ چارەسەری توشبوانی كۆرۆنایە و كۆرسی نەخۆشییەكە كورتدەكاتەوە لە 6-7 رۆژەوە دەیكات بە 3-4 رۆژ، پێشتریش لە سلێمانی بۆ چەند نەخۆشێك بەكارهاتووە، كاریگەریی هەبووە و قورسیی حاڵەتەكانیش كەمدەكاتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group