ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی له‌ ناوچه‌كانی نێوان سوپای عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیپێكرد

11/07/2020 عێراق

نه‌وا
قۆناغى چواره‌مى ئۆپه‌راسیۆنی پاڵه‌وانه‌كانى عیراق به‌ به‌شدارى دژه‌ تیرۆرى سلێمانى له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و كێوماڵ و پشكنین بۆ ناوچه‌ سنوریه‌كانى عیراق - ئێران ده‌كرێت و له‌پاشماوه‌كانى رێكخراوى داعش پاك ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ك ناوچه‌كانی نێوان هێزه‌كانی فیدراڵی و پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ پاكده‌كرێته‌وه‌.
شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منیى عیراق رونكردنه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 11-7-2020 قۆناغى چواره‌مى ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانه‌كانى عیراق" له‌سه‌ر رێنمایى فه‌رمانده‌ی گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان و به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌ركردایه‌تى پرۆسه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌.
رونیشكراوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ بۆ راوه‌دونانى پاشماوه‌كانى رێكخراوى داعشه‌ و پارێزگاى دیاله‌ و سنوره‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێراندا ده‌گرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى خاڵى جیاكه‌ره‌وه‌ى نێوان هێزه‌كانی فیدراڵی و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.
ته‌ئكیدیشكراوه‌ته‌وه‌، سه‌ركردایه‌تى هێزه‌ وشكانییه‌كان، سه‌ركردایه‌تى پرۆسه‌كانى دیاله‌، سه‌ركردایه‌تى پرۆسه‌كانى سه‌ڵاحه‌دین، سه‌ركردایه‌تى پرۆسه‌كانى ئه‌نبار، سه‌ركردایه‌تى هێزه‌كانى پۆلیسى فیدراڵى، هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا، حه‌شدى شه‌عبى، دوو لیواى هێزى تایبه‌ت و هێزه‌كانى سنور، ده‌زگاى دژه‌تیرۆر، فه‌وجى دژه‌ تیرۆر له‌ سلێمانى و سه‌ركردایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى دیاله‌ به‌شداربون له‌ پرۆسه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هێزى ئاسمانیى عیراق و هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تى پشتگیرى ئاسمانى دابینده‌كه‌ن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group