تەندروستیی جیهانی: قەیرانی كۆرۆنا بەرەو خراپتربون دەچێت

14/07/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە پەرەسەندنی زیاتری پەتای كۆرۆنا و بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوەكەش دەڵێت "وڵاتانی جیهان بەپێی پێویست پابەندی رێككارەكانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە پەتاكە نین، ئەوەش مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە".
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە پرێس كۆنفرانسێكی ڤیدیۆییدا لە شاری جنێفی سویسراوە وتی "با راستگۆ بین، زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بە رێچكەیەكی هەڵەدا دەڕۆن، تائێستاش ڤایرۆسی كۆرۆنا دوژمنی یەكەمی جیهانە و قەیرانەكە بەرەو خراپتربون دەچێت".
وتیشی "ئەگەر رێككارە سەرەكییەكان پەیڕەونەكرێن، تاكە رێچكە، كە پەتاكە پەیڕەوی دەكات ئەوەیە "زیاتر و زیاتر و زیاتر" خراپتر دەبێت، پێویستیش ناكات بارودۆخەكە بەو ئاراستەیەدا بڕوات، بەڵام وڵاتانی جیهان بەپێی پێویست پابەندی رێككارەكانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە پەتاكە نین، ئەوەش مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە".
توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا 13 ملیۆن و 240 هەزاری تێپەڕاندوە و ژمارەكانیش بەردەوامن لە هەڵكشان، زیاتر لە 575 هەزار كەسیش تائێستا گیانیانلەدەستداوە، بەڵام چاكبونەوە لە سەرو 7 ملیۆن و 707 هەزارەوەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group