پەرلەمانتارێكی پارتی: گرێبەستە نەوتییەكانی ساڵانی رابردوو لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكاندا بووە

05/08/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت، حكومەتی هەرێم پێی وایە ناهاوسەنگی لە كەرتی نەوتدا هەیە و زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی نەوت و غازە، بۆیە حكومەت پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان دەكات.
رێبوار بابكەیی ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتیشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی وتووە، "بەپێی روانگەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكومەتیش پێیان راگەیاندوین، كە حكومەت بەنیازە چاكسازی لە كەرتی نەوتدا بكات".
ئەندامەكەی لیژنەی سامانە سروشتییەكان رایگەیاندووە، "حكومەت پێی وایە ناهاوسەنگی لە كەرتی نەوتدا هەیە، بە جۆرێك زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت و غازە، هەروەها پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان دەكات، كە بەجورێك بێت لە بەرژەوەندیی حكومەتدا بێت".
پەرلەمانتارەكەی پارتی دان بەوەدا دەنێت، لە ساڵانی رابردوودا بە جۆرێك گرێبەست كراون، كە زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكاندا بووە نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە حكومەت دەیەوێت زیاتر كار لەسەر دوو خاڵ بكات، یەكەم دادپەروەری و هاوسەنگی هەبێت، دووەم گرێبەستەكان لە بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستاندا بن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group