وته‌بێژی حكومه‌ت راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

12/08/2020

نه‌وا
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکوومەتی هەرێم کردووە.
جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا باسی له‌وه‌كردووه‌: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکوومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکوومەتی هەرێم".

دەشڵێت: "حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت".

دەقی راگەیاندراوەکە:

وەڵامێک بۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت. ئەرکێکی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم.

لە بارەی ڕەوشی داراییش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەولێکی لەگەڵ بەغدا داوە تاکو بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاکو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێکەوتن نەگەن، تاکو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری کردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم.

حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت.

د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/8/12

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group