مەلا بەختیار: حیزبەكان هەر خەریكی دەستەگەری‌و پیلانگێڕان و پاساوهێنانەوەن بۆ شكست‌و شەرمەزایەكان

13/08/2020

نەوا

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی و پارتی دوای كۆبونەوەكەی دوكان راگەیەندراوی هاوبەشیان دەركرد و دوور و نزیك، دڵنیاییان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لەپێشەوەدا گێڕانەوەی پارەی دزراوی گومرگەكان ‌و شیرینی نەوت‌ و نەوتی قاچاخ نەدایە خەڵكەكە.

مەلا بەختیار له‌ نوسینێكدا، كه‌ له‌هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌ نووسیویه‌تی: لەم دۆخەی ئێستای ناوچەكەو عیراق و كوردستان ، هێزە سیاسیەكان حكومەتی هەرێم‌ و توڕەیی لەڕادەبەدەری جەماوەردا، حكومەت بەم بێباكیە بەرامبەر تاڵانكردنی گومرگەكان ‌و نادیاری داهاتی شیرینی نەوت‌ و نەوتی دزراو ناكاتە ئەستۆپاكی، بەڵكو بێباكی لای خەڵك وا لێكدەدرێتەوە، كە تاڵانی‌و گەندەڵی دادەپۆشرێ‌.

ناوبراو پێشنیازێكیش ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: تەنها كاك مەسعود بارزانی دەتوانێ‌، كۆنگرەیەكی كوردستانی بۆ: حیزبەكان، رێكخراوەكان، پسپۆڕەكان، سازبدات‌و بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانەكان، لەناو كۆنگرەكەدا.. دیاری بكرێ‌.. بەمەرجێ‌ تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێ بكرێ‌. نەك كۆنگرە بۆ دەستخەڕۆكردنی رای گشتی!!

ده‌قی نووسینه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار:
خۆپیشاندانەكەی (12)ی مانگ‌و
بێباكی حكومەت!
مەلا بەختیار

12/8/2020 كاتژمێر 5/ی ئێوارە، لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، خۆپیشاندان لە پاركی ئازادی سلێمانی‌و لە رانیەو شارۆچكەی دیكەش كرا. ژمارەی خۆپیشاندەران، زیاتر بون لە خۆپیشاندانەكەی پێشووی پاركی ئازادی، كە هەر شاسوار بانگەوازی بۆ كرد.
لە خۆپیشاندانەكەی پێشوودا، رەفتاری نەشیاو بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید، نوێندرا، كە دوور بوو لە گیانی دیموكراسی. لەم خۆپیشاندانەدا، حكومەت لە رانیە ناچار بوو هێزی ئاسایش‌و تەقەی بەكارهێنا! خۆپیشاندەرانیش، هەڵەی خراپیان كرد كە پەلاماری بارەگای گۆڕان‌و یەكێتییان دا. هەر دوێنێ‌، بانگەوازی خۆپیشاندانی بەردەوام راگەیەندرا، هەتا بگاتە راپەڕین! بەدەر لەوەی شاسوار، ئەزمونی سیاسی نییەو رەمزێكیش نەبووە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ‌.. لە رەمزە سیاسییەكان‌و لایەنەكان، زیاتر چۆتە ناو شەپۆلی ناڕەزاییەكان.
هەر لەم كاتەدا، یەكێتی‌و پارتی 11/ی مانگ راگەیەندراوی هاوبەشیان دەركردو دوورونزیك، دڵنیاییان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، لەپێشەوەدا، گێڕانەوەی پارەی دزراوی گومرگەكان‌و شیرینی نەوت‌و نەوتی قاچاخ، نەدایە خەڵكەكە.
دوێنێش، حكومەتی هەرێم رونكردنەوەی لەسەر گفتوگۆی هەولێرو بەغداد، سەبارەت بە شایستە داراییەكان دەركردو دەستبەجێ‌، بەغداد وەڵامی دانەوەو بەپرسیارێتیەكەی خستە سەر حكومەتی هەرێم.. بەتایبەتی لە رادەست نەكردنی گومرگەكان.
لە كۆبونەوەكانی حكومەتی هەرێمیشدا، بگرەو بەردە لەسەر دابینكردنی موچە، كەمكردنەوەی موچە، چۆنیەتی دابینكردنی موچە هەیەو ئاسۆ.. تاریكە!
جگە لە هەموو ئەو راستیانە.. دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەوڵەتانی ئیقلیمیش.. سەرەتاكانی مەترسییان لەسەر چارەنوسی هەرێم‌و كوردستان دەركەوتووە.. ئەگەری ئەوە لەئارادا هەیە، كە سەرەنجامی ئەم قەیرانە دارایی‌و سیاسی‌و ئاساییشەی دنیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بۆ جۆرێك لە چارەسەری سیاسی-ئابوری-ئاساییشی ئەوتۆ لەپشتی پەردەی بەرژەوەندیەكاندا، بگەڕێن‌و تیایدا.. زلهێزەكان لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمیەكان لەنێوان خۆیاندا رێك بكەون.. كە مێژوو پێماندەڵێ‌، رێكەوتنی گەرمەی قەیران‌و مەترسیەكان، سەرەنجامەكەی، حكومەتە دیكتاتۆرەكان لەسەر حسابی ماف‌و خەباتی گەلان، دەپارێزرێن‌و دەسەپێنرێن!!
هەفتەی رابوردوو، ئەیهودی عاری، پسپۆڕی شارەزای ئیسرائیل، لە كەناڵی 12/ی ئیسرائیلدا، گوتی: بەهۆی گەندەڵی، دوو ئیدارەیی، شەڕی فەیسبوك، زاڵی دوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی‌و دوو لەشكریەوە، خەونی كورد تێكشكاوەو گوتیشی: لەوانەیە ئیتر ئەمریكا، متمانە بە حكومەتی كورد نەكات‌و تەنانەت باشترین هاوڕێكانیان نەتوانن هاوكارییان بكەن.
هەر ئەم هەفتەیە خانمە رۆژنامەنوسی هۆڵەندی (جودیت نیورینك) كە (10) ساڵە لە كوردستانەو دۆستی راستگۆی كوردە، لە بەشێكی وتارێكدا دەنوسێ‌:
"ئاواتی كوردەكانی عێراق بۆ گەیشتن بە ژیانێكی شایستە لە رووی ئابوری‌و سیاسییەوە لەناوچووەو وا هەست دەكەن فریویان خواردووە، نزیكن لەوەی بەتەواوەتی هیوای خۆیان لەدەست بدەن".
لەبەرامبەر ئەو روداوانەدا.. دەبێ‌ لەخۆمان بپرسین:
ئایا، دەستەبەرێك لەعێراقدا هەیە، پیلانێك دژی هەرێم، لەئارادا نەبێ‌، ئەگەر دوچاری روداوی نەخوازراویش نەكرێ‌.. بەڵام ئایا مەترسی ئەوە نییە ناچاری پاشەكشەی چاوەڕوانەكراو، بكرێ‌!!
لەم دۆخەی ناوچەكە، عێراق، كوردستان، هێزە سیاسیەكان، حكومەتی هەرێم‌و توڕەیی لەڕادەبەدەری جەماوەردا، حكومەت بەم بێباكیە بەرامبەر تاڵانكردنی گومرگەكان‌و نادیاری داهاتی شیرینی نەوت‌و نەوتی دزراو، هاوكات سەرسەختی حكومەتی كازمی بۆ چارەسەركردنی شایستە داراییەكان (كە ئەوان حكومەتی هەرێم.. بە راست‌و درۆ دەكەنە پاساو) ئایا، ئەم دۆخە سیاسی-ئابورییە.. نیشانەی سەرەتاكانی لە گرێژنە دەرچونی هەلومەرجی بابەتی نییە؟
هەلومەرجی بابەتی.. ماناكەی رون‌و رۆشنە، ئەویش ئەوەیە، كە حكومەت توانای چارەسەركردنی قەیرانی نەمابێ‌‌و خەڵكیش بە چارەسەرە نیوەچڵەكانی حكومەت رازی نەبێ‌.. كە حكومەت توانای چارەسەركردنی قەیرانی نەماو خەڵكیش پشووی بگاتە كۆتایی.. ئیتر دۆخی شۆرشگێڕانەی گۆڕانكاری دەخوڵقێ‌.. لەم سەردەمەشدا، دەركەوت بەبێ‌ حیزبێكی مێژویی بەهێزیش.. حكومەتەكان دەگۆڕدرێن.
بەندە.. مەرگی خۆمم پێ خۆشترە، لە روخاندنی حكومەتی هەرێم.. وەكو حكومەتی خەڵك.. حكومەتێك، بەڕاستی بتوانێ‌ تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكات‌و ژیانی مەدەنی پێشبخات.. نەك دەستەپاچە بێ‌ بەرامبەر كێشەكان، تەنانەت نەتوانێ‌ گەندەڵكارە رسواكانیش سزا بدات!
بێباكی لەم دۆخە مەترسیدارەدا، ترسناكە.
بەداخەوە، حیزبەكان.. هەر خەریكی حیزبایەتی گۆشەگیرن.. هەر خەریكی دەستەگەری‌و پیلانگێڕانن. خەریكی شەڕە پەیج‌و فەیسبوك‌و پیاهەڵدان‌و پاساوهێنانەوەن بۆ شكست‌و شەرمەزایەكان.
لەگەڵ هەموو جیاوازی‌و رەخنەكانم لە پارتی.. لە شێوەی حوكمڕانیەكەی.. بەڵام نایشارمەوە، لەم دۆخەدا، تەنها كاك مەسعود بارزانی دەتوانێ‌، كۆنگرەیەكی كوردستانی بۆ: حیزبەكان، رێكخراوەكان، پسپۆڕەكان، سازبدات‌و بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانەكان، لەناو كۆنگرەكەدا.. دیاری بكرێ‌.. بەمەرجێ‌ تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێ بكرێ‌. نەك كۆنگرە بۆ دەستخەڕۆكردنی رای گشتی!!

ئەگەر، بەرێز مەسعود بارزانیش، بەم پێشنیازو پەرۆشییە رازی نەبێ‌.. داوام وایە كە:

- یان حكومەتی هەرێم رێگای شیاوتر بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغداد بدۆزێتەوە.

- یاخود، رادیكاڵانە.. داهاتی گومرگەكان‌و نەوتی دزراو.. كۆنترۆڵ بكات‌و بۆ حكومەتی بگێڕێتەوە.. هەتا فریای موچەی خەڵك بكەوون.

بێباكی.. ناكاتە ئەستۆپاكی. بەڵكو بێباكی لای خەڵك وا لێكدەدرێتەوە، كە تاڵانی‌و گەندەڵی.. دادەپۆشرێ‌.. شۆڕەسوارەكانی گەندەڵیش.. یەك بە یەك، لە ویژدانی خەڵكدا ناسراوون. تەنها هەلپەرست‌و مشەخۆرەكان، پارەیان بۆ دادەدۆشن‌و دادەپۆشن!!

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group