دهۆك.. فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی تریان كردە ئامانج

14/08/2020
نەوا
لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا دوو ئۆتۆمبێلیان لە سنوری پارێزگای دهۆك كردە ئامانج و ئەو هێرشانەش ژمارەیەك شەهید و برینداریان لێكەوتەوە.
حەمید زوبێر بەڕێوەبەری شارۆچكەی بامەڕنێ رایگەیاندوە، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی لە ناو گوندی ئەرەدنا فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان لە جۆری تەكسۆن كردووەتە ئامانج كە سێ كەسی تێدابووە، دوو كەسیان گیانیان لەدەستدا و كەسێكیش بە سەختی برینداربووە.
وتیشی، هێشتا ناسنامەكان دیارنین و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
شەوی پێنجشەممەش ئۆتۆمبێلێك لە سەر رێگای زاوێتە- رەشانكێ لە 20 كیلۆمەتری رۆژهەڵاتی شاری دهۆك كرایە ئامانج و باس لەوەدەكرێت كە لەو هێرشەدا سێ كەس شەهیدبوون.
لەماوەكانی رابردوودا هێرشە ئاسمانیەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوریەكانی هەرێم چڕبوونەوە و بەهۆیانەوە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی و دوو فەرماندەی باڵا و سەربازێكی پاسەوانی سنوری عیراق شەهید بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group