نەوا
محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانێتیی فەتح دەڵێت "بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق پێویستە جێبەجێبكرێت، چونكە بڕیارەكە تاكە كەسی یاخود تایفەیەكی دیاریكراو نییە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە".
محەمەد بەلداوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، بەپێی یاسا و رێسا عیراقییەكان پێویستە سەرۆكی حكومەت بە بڕیاری پەرلەمانی عیراقەوە پابەندبێت، بەتایبەتی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات.
وتیشی "بڕیاری كشاندنەوەكە بڕیارێكی تاكلایەنە و بڕیاری یەك تاییفە و یەك نەتەوە نییە، بەڵكو بڕیارێكە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق و رێزگرتن لە خوێنی ئەو رۆڵانە دراوە، كە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و كۆتاییهێنان بە تیرۆر رژاوە".
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانێتیی فەتح جەختدەكاتەوە لەوەی گەلی عیراق بونی هەر هێزێك جا ئەمریكی بێت یاخود توركی، لەسەر خاكەكەی رەتدەكاتەوە، بەتایبەتی ئەو هێزە بیانیانەی تاوانێكی زۆریان بەرانبەر عیراقییەكان ئەنجامداوە و چیتر جێی قبوڵ نییە لەسەر خاكی عیراق بمێننەوە.