كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێنج مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریدەكات

14/09/2020 عێراق

نەوا
دوای بەیاننامەكەی عەلی سیستانی رێبەری باڵای ئایینی شیعە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تەئكیددەكاتەوە بە پێنج مەرج ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو.
كۆمسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، بە گرنگی و پێزانینێكی زۆرەوە بەیاننامە مێژووییە گرنگەكەی سیستانی-یان وەرگرتوە، كە گرنگیدانی مەرجەعیەت بە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازاد و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداریكردن، پیشان دەدات.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پابەندبونی تەواو بە جێبەجێكردنی ئەركە دەستوریەكانی بە دڵسۆزیەوە پیشان دەدات و بەڵێن بە رۆڵەكانی گەلیش دەدات دەنگەكانیان بە یاسا و ئەخلاقەوە پارێزراو بێت بۆئەوەی پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بە پێودانگە شەفاف و ناسراوەكانی سیستمی دیموكراتی بەڕێوەبەرین.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 5 مەرجیشی ئاشكراكردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە بریتین لە، تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەكان، تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی، دابینكردنی بودجەی هەڵبژاردن، دامەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە و دابینكردنی كەسانی تایبەتمەند و چاودێری هەڵبژاردنەكان لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
دوای كۆبونەوەی لەگەڵ جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، عەلی سیستانی رێبەری باڵای ئایینی شیعە لە عێراق تەئكید لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group