ئایا ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ ساختەن؟

29/09/2020 وەرزش

نەوا
هێرشەكان بۆ سەر زەینەدین زێدان راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دەستیانپێكردوە و رۆژنامەی "ماركا"ی مەدریدی نوسیویەتی "شێوازی زێدان زیان بە یاریزانە گەنجەكانی وەك ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ دەگەیەنێت"، شارەزایەكی وەرزیشیش پێی وایە ئەگەر زێدان، یۆڤیچی ناچاركرد بڕوات، ئەوا پێویستە دەستلەكاربكێشێتەوە.
رۆژنامەی "ماركا" لە راپۆرتێكدا، كە لەژێر ناونیشانی "ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ بەهرەمەندە ساختەكان" بڵاویكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، دوای بینینی ئاستی "جواو فیلیكس" لە ئەتلەتیكۆ مەدرید و "فاتی" لە بەرشەلۆنە، هاندەرانی ریاڵ مەدرید پرسیاری ئەوەیان لا دروستبوە "ئایا بەهرەمەندە لاوەكانی یانەكەیان لە ئاستی ئەواندا نین و ناتوانن وەك ئەوان دەربكەون؟".
ئەوەش هاتوە، وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسانە لەناو یانەی ریاڵ مەدریدەوە هاتوە ئەویش ئەوەیە، بەهرەمەندە لاوەكانی ریاڵا دەرناكەون، چونكە زێدان یارییان پێناكات، ئەگەر یاریشیان پێبكات وەك ئەوەی ڤینیسۆس لە یاری بەرانبەر سۆسیداد بەشداری پێكرا، ئەوا وندەبن تەنانەت ئەگەر ئاڵوگۆڕكردنی یاریزانانیش 5 یاریزان بێت.
بەپێی رۆژنامەكە، پلانی زێدان ئەوەیە هێشتنەوەی ڤاڵڤێردی لەسەر كورسی یەدەگ ئاسانترە لە هێشتنەوەی مۆدریچ ئەوەش ئەو بیرۆكەیەیە، كە لەناو یانەكەدا هەیە وەك پاساوێك بۆ ئاڵوگۆڕە بێپاساوەكانی زێدان.
ماركا تەئكیدیشی كردوەتەوە، شێوازی زێدان بەوەی هەموان ئامادەبن، كارایە، بەڵام ئەو شێوازە زیان بە یاریزانە گەنجەكان دەگەیەنێت، كە ئەوان پێویستیان بە بەردەوامی و متمانە هەیە.
لای خۆیشیەوە سەبارەت بە دەنگۆكانی رۆیشتنی "یوڤیچ" كە زێدان متمانەی پێی نییە، "جۆسێپ پێدریرۆل" پێشكەشكاری بەرنامەی بەناوبانگی "شیرنچیتۆ"ی ئیسپانی وتویەتی، ئەگەر زێدان دەستبەرداری یوڤیچ ببێت، پێویستە ئەو راهێنەرە فەرەنسیەش دەستلەكاربكێشێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group