میسی فڕۆكە تایبەتەكەی دەخاتە خزمەت هاوڕێكانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

07/10/2020 وەرزش

نەوا
لیۆنێل میسی ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان بڕیاری دا فڕۆكە تایبەتەكەی خۆی بخاتە خزمەتی هاوڕێكانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆئەوەی بەبێ ترسی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، گەشت لەپێناو هەڵبژاردەكەیان بكەن.
لە دوو یاری سەرەتای پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2022، ئەرجەنتین روبەڕوی بۆلیڤیا و ئیكوادۆر دەبێتەوە و هەردوو یارییەكەش لە 9 و 13ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچن، بەڵام ترسی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لای یاریزانان هەیە كاتێك لە فڕۆكەخانەكانەوە هاتوچۆ دەكەن، هەربۆیە میسی بڕیاری داوە فڕۆكە تایبەتەكەی خۆی بخاتە خزمەتیان، كە بەهاكەی دەگاتە 15 ملیۆن و 477 هەزار دۆلار.
بۆ گەشتی گەڕانەوەی میسی-یش لە بەرشەلۆنەوە بۆ ئەرجەنتین، هەریەك لە پاولۆ دیبالا، خوان فویس، ماركۆس ئەكۆنیا، لۆكاس ئۆكامپۆس و نیكۆلاس ئۆتامێندی گەشتیان لەگەڵدا كردوە.
فڕۆكەكەی میسی زۆر گەورە نییە، بەڵام شوێنی 16 كەسی تێدا دەبێتەوە و چێشتخانەی تایبەت و دوو حەمامیشی تێدایە. ناوی میسی و ئەنتۆنێلای هاوسەری و تیاگۆ و سیرۆ و ماتیۆی كوڕیشی لەسەر نوسراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group