حكومەتی هەرێم: دەستدرێژی بۆ سەر سیمبوڵەكانی كوردستان جێی قبوڵ نییە

17/10/2020

نه‌وا
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سوتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی و ئاڵای كوردستان لەشاری بەغدا رایدەگەیەنێت، هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە. 
له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان سوتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی و ئاڵای كوردستان لەشاری بەغدا شەرمەزار دەكات و رایگەیاندووە، هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە. 
حكومەتی هەرێم باسی له‌وه‌شكردووه‌، پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێكی دیكە لە هێرشی هەر گرووپێكی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كە حكومەتی هەرێم بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر، داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكەن رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر  و هێرشكاران بە سزای خۆیان بگەیەنن تا ئەم جۆرە كردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group