مه‌سعود بارزانی: ئه‌وانه‌ی په‌لاماری پارتی ده‌ده‌ن باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن

17/10/2020

نه‌وا
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حكومەتی عیراق دەكات ڕێكاری پێویست دژی ئەو لایەن و كەسانە بگرێتەبەر، كە پەلاماری بارەگاكەیانی لە بەغدا داوە و "سووكایەتییان بە بەهاكانی گەلی كوردستان كردووە"، ده‌شڵێت: دواجار باجی ئەو كارەیان دەدەن.
لە پەیامێكدا مەسعود بارزانی رایگه‌یاندووه‌، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەكەین و لێرەدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەك لە پێگەی كورد و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان كەم ناكەنەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەیامێك لە بارزانییەوە
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
هەواڵی پەلاماردانی بارەگای لقی ٥ـی پارتی لەلایەن تاقمێكی گێرەشێوێنمان پێ گەیشت، كە لە ئەنجامی ئەو كردەوە نایاساییەدا سووكایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان و ئاڵای پارتی كردووە.
بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەكەین و لێرەدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەك لە پێگەی كورد و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان كەم ناكەنەوە، بەڵام بەڕوونی دواكەوتوویی و بێ فەرهەنگی و عەقڵیەتی ئەو تاقمە شەڕانگێزە بۆ هەموو لایەك دەردەخات.
ئەو چاوەڕوانییەمان لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە كە ئیجرائاتی پێویست لە بەرامبەر ئەو پەلاماردەرانە بگرێتە بەر، لە هەمان كاتدا جەختیش لەوە دەكەینەوە ئەوانەی بیانەوێ پەلاماری پارتی بدەن و سووكایەتی بە بەهاكانی گەلی كوردستان بكەن، دواجار باجی ئەو كارەیان دەدەن.
مەسعود بارزانی
17ی تشرینی یەكەمی 2020

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group