مەسرور بارزانی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی داعش

25/10/2020

نه‌وا
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی داعش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ وێران كراون.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، راوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.
لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتووێ کرا.
سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) تیشکی خستە سەر دوایین رێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاریش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group