كۆمان هەڕەشەی راگرتنی بۆ 12 یاری لەسەرە

05/11/2020 وەرزش

نەوا
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە وەرزشییە ئیسپانیەكان، بەهۆی قسەكانی لەسەر دادوەری یاری كلاسیكۆ رۆناڵد كۆمان راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە هەڕەشەی راگرتنی 4 بۆ 12 یاری لەخولی ئیسپانی لەسەرە.
رۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی بڵاویكردوەتەوە، لیژنەی كێبڕكێكان لە خولی ئیسپانی "لالیگا" رۆژی چوارشەممە بڕیاریداوە بە دەستكردن بە لێكۆڵینەوە لە قسەكانی رۆناڵد كۆمان دژی دادوەری یاریی كلاسیكۆ، كە تێیدا بەرشەلۆنە بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك دۆڕا.
ئەوەش هاتوە، لێدانی سزایەك لەبەرژەوەندی سێرجیۆ رامۆس كاپتن و بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لای خۆیەوە كۆمان دوای یاریەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "بڕیارەكانی VAR لەماوەی ئەو 5 یاریەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە ئەنجامم داوە هەموی دژمان بون".
كۆمان باسی ئەوەشی كردبوو، هەروەها لە یاریەكەی بەرامبەر ئیشبیلیە لێدانێكی سزا بۆ لیۆنێل مێسی هەژمار نەكراوە سەرەڕای ئەوەش لە یاریەكەی خیتافیش پێویست بوو چەند یاریزانێكی ئەو یانەیە سزا بدرێن، بۆچی هەمیشە بڕیارەكان دژی بەرشەلۆنەن؟ من لە دادوەری ڤیدیۆی یاریدەدەر تێناگەم.
بەپێی زانیاریەكان، ئەگەر لیژنەكە پێی وابوو لێدوانەكانی كۆمان سوكایەتیكردنە بە دادوەر یاخود گومانكردنە لە پاكی و بێلایەنی بڕیارەكان، ئەوا ئەگەری هەیە 4 بۆ 12 یاری لە خولی ئیسپانی رابگیردرێن، ئەوەش بەپێی قەبارەی هەڵەكەی دیاری دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group