ئەمریكا فرۆكەی B-52 رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەكات

22/11/2020 جیهان

نەوا
فەرماندەیی هێزەكانی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاند، ژمارەیەك فرۆكەی بۆمبهاوێژ لەجۆری (B-52) رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، رۆژنامەیەكی ئەمریكی پرسەكە دەبەستێتەوە بە پێشنیازەكەی چەند رۆژی رابردووی ترامپ لەبارەی وەشاندنی گورزی سەربازی دژ بە ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە زاری فەرماندەیی هێزەكانی ناوەندی ئەمریكا بڵاویكردەوە، ژمارەیەك فرۆكەی بۆمبهاوێژ لەجۆری (B-52) رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، فەرماندەكە ئاماژەی بەوە كردوە، دوای پێشنیاری هێرشكردنە سەر ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، پێشنیاری ناردنی ئەو فڕۆكانە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی رابردو، ئیلیۆت ئەبرامز نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران هۆشداری دایە ئێران و گروپ و هێزە چەكدارە هاوپەیمانەكانی، كە هەر هەوڵێك بۆ كوشتنی ئەمریكییەكان یان چالاكیی سەربازی و تیرۆرستی، پەشیمانیی بەدوادا دێت و ئەمریكا لەئامادەباشیدایە بۆ وەڵامی توند.
ئەمە لەكاتێكدا پێشتر ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویكردەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران فەرمانی داوەتە هێزە میلیشیاكان، تا كاتی دەستبەرداربوونی دۆناڵد ترامپ لە پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، هیچ جۆرە چالاكییەك دژی هێزەكانی ئەمریكا ئەنجامنەدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group