باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كشاندنەوەی بەشێك لە دیپلۆماتەكانیان پشتڕاست دەكاتەوە

04/12/2020 عێراق

نەوا
باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا رەتیدەكاتەوە كشاندنەوەی بەشێك لە دیپلۆماتەكانیان كاریگەری لەسەر كارەكانیان دابنێت.
ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا هەواڵی كشاندنەوەی بەشێك لە دیپلۆماتەكانیانی پشتڕاست كردەوە و وتی، ئەو هەنگاوە كاریگەری لەسەر كارەكانی باڵیۆزخانە نابێت.
وتیشی، خۆی بەردەوام دەبێ لە ئەركەكانی لەناو بارەگای باڵوێزخانە لە بەغدا.
لە رۆژانی رابردوودا میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، كە لە سەروبەندی یەكەم ساڵی كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و بەهۆی مەترسی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لەو ساڵیادەدا واشنتۆن بەشێك لە كارمەند و دیپلۆماتەكانی بە شێوەیەكی كاتی لە عێراق دەباتە دەرەوە.
رۆژی سێی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group