"رێککەوتنێکی یەکجاری لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەندە بە بڕیاری پەرلەمان"

06/01/2021

نه‌وا
به‌ وتەی جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە په‌رله‌مانی عێراق ، "ھیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق دا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ، تاکە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەیە".
لەبارەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لە سەر پرۆژە بوودجەی عێراق بو ساڵی ٢٠٢١، جەمال کۆچەر ئەندامی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ ئاژنسی ئانادۆلی توركی راگه‌یاندووه‌ : "ئەو رێککەوتنەی کە باس دەکرێت رێککەوتنێکی کۆنکرێتی نیە، شاندی ھەرێم و بەغدا یەکتریان بینیووە بەڵام نەچوونەتە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکان، دەقێکیان داڕشتووە بەڵام ئەو دەقە نیە کە ھەردوولا لەو بڕوایەدا بن کە لە پەرلەمان تێپەڕ دەبێت".
جەمال کۆچەر باسی لە ناوەرۆکی رێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە بوودجەی 2021 کرد و وتی: "لە پرۆژەی بوودجەدا وایان داناوە کە ھەرێمی کوردستان 250 ھەزار بەرمیل نەوت یان پارەی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی کومپانیای سۆمۆ لە گەڵ نیوەی داھاتی ناوخۆ رادەستی حکوومەتی عێراق بکات کە ئەمەش بارگرانێکی دیکەیە بۆ حکوومەتی ھەرێم، چونکە حکوومەتی ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوت حەفت دولار ھەرزانتر لە کومپانیای سۆمۆ دەفروشێت، لە بەرامبەریش دا حکوومەتی عێراق بە رێژەی 12.67 لە سەد لە بوودجەی گشتی رادەستی ھەرێم دەکات".
بابەتی قەرزەکان یەکێکبووە لە خاڵەکانی گفتوگۆی نێوان شاندی ھەرێمی و بەغدا. ھەرێمی کوردستان نەناردنی بەشە بوودجەکەی لە لایەن عێراقەوە لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا بە قەرز لە لای حکوومەتی عێراق دەزانێت و حکوومەتی ناوەندی عێراقیش نەناردنی داھاتەکانی نەوت و ناوخۆ لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا لە لایەن ھەرێمەوە بو بەغدا بە قەرز دەزانێت.
جەمال کۆچەر لەم بارەیەوە روونکردنەوی دا و وتی : "ھەردوو لا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکبھێنرێت و لەماوەی 90 رۆژ دا یەکلایی بکاتەوە کە چەند پارەی حکوومەتی ناوەندی عێراق لە لای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و چەند پارەی حکوومەتی ھەرێم لە لای حکوومەتی ناوەندی عێراقە و دواتر لە ماوەی 10 ساڵدا دەبێت قەرزەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکلایی بکرێنەوە".
ناوبڕاو باسی لەوەش کرد کە "خاڵێکی گرنگ ھەیە کە دەبێت خەڵکی ئێمە ئاگاداربن، بابەتی ئەوەی کە ئەگەر لایەنێک پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، ماددەی 27 لە برگەی پێنج لە یاسایی کارگێری ئابووری دەڵێت ھەر لایەنێک ئەگەر پابەند نەبێت بە پێی پابەندنەبوونەکە لە بەشە بوودجەکەی کەم دەکرێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەم دەقە تێپەڕببێت و حکوومەتی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت و نەوت رادەستی بەغدا نەکات بڕێک پارە وەردەگرێت وەک چۆن لە ساڵی 2019دا ، 453 تڕلیۆن دینار بو ھەرێم دەنێردرا".
وا بڕیارە کە رۆژی 9ی کانوونی دووهەم واتە شەممەی داھاتوو، پرۆژە بوودجەی عێراق بو ساڵی 2021 بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خوێندنه‌وه‌ی یەکەمی بۆ بکرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group