سامان بەرزنجی: ڤاكسینەكەی عێراق پشكی هەرێمی تێدایە و چینیش ڤاكسین دەدات بە هەرێم

14/02/2021

نەوا-
دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت: لە ئێستادا دۆخی كۆرنا لە هەرێم لە كەمبونەوەدایە بەڵام هێشتا پێویستمان بە خۆپارێزییە، كۆتایی مانگی 3یش ڤاكیسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق و پشكی هەرێمیشی تێدایە، هەروەها وڵاتی چینیش ڤاكسین بۆ هەرێم دابین دەكات.
دكتۆر سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: كۆتایی مانگی ئازار ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق كە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، وڵاتی چینیش لەلای خۆیەوە 5 هەزار ڤاكسین بۆ هەرێم دابین دەكات هەركاتێكیش ئەو ڤاكسینانە گەیشتن لە هەشت ناوەندەوە لە هاوڵاتیان دەدرێن.
لەبارەی رەوشی خوێندنەوە باسی لەوەكرد: بەردەوام هەڵسەنگاندن دەكەین، ئەگەر لە هەڵسەندنەكانمان دڵنیا نەبوین ئەوكات بڕیار لە داخستنی قوتابخانەكان دەدەین، بەردەوام دەبین لە خۆپارێزی چونكە ئەوەتا لە ئەوروپاش بەهەمان گرفتەوە دەناڵێنێت.
وەزیری تەندروستی رونیشیكردەوە: ئێستا لە عێراق رێژەی توشبون لە هەڵكشاندایە و هاتوچۆشمان لەگەڵ عیراق بەردەوامە و بە فراوانی هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە هاوڵاتیان پابەندییان كەمبۆتەوە بە خۆپارێزی، بۆیە مەترسیمان لەسەرە لەبەر ئەوە رێكارەكانمان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەكە كەم بێتەوە و كەمترین زیانمان پێ بگات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group