نه‌وا
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم و كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌شێوه‌یه‌كى كاتى رێكه‌وتن و به‌پێى رێكه‌وتنه‌كه، تا سێ مانگى دیكه رێگه به پشكنه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌درێت سه‌ردانى بنكه ئه‌تۆمیه‌كانى ئه‌و وڵاته بكه‌ن.
رافایێل ماریا گروسی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتى: له‌گه‌ڵ ئێران‌دا گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتنێكی كاتى به‌رده‌وامبونی كاری تیمه پشكنه‌ره‌كان بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و ئه‌نجامێكی باش و ژیرانه‌یان له‌دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌ده‌ستهێناوه.
له‌لایه‌كى تره‌وه له راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شدا هه‌ردولا جه‌ختیان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه: رێككه‌وتون به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و تا 3 مانگی دیكه رێگه به پشكنه‌ره‌كان بدرێت، سه‌ردانی بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بكه‌ن و بیانپشكنن.
هه‌روه‌ها ئاژانسه‌كه له ماڵپه‌ڕى خۆى بڵاویكردوه‌ته‌وه: ئێران به ته‌واوی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه ده‌بێت و له رێگه‌ی لێكتێگه‌یشتنێكی ته‌كنیكییه‌وه ئاژانسه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت له چاودێریكردنی چالاكییه‌كان بۆ سێ مانگی داهاتو.