دوو تۆمەتبار لە سلێمانی بە زیاتر لە 7 ملیۆن دیناری ساختەوە دەستگیر كران

23/02/2021


نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد: دوو تۆمەتباری ئێرانییان بە بڕێك پارەی ساختەوە دەستگیر كردوە كە ویستویانە لەناو شاری سلێمانی ساغی بكەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە: دوای‌ ئەوەی‌ زانیارییان‌ لەسەر دوو تۆمەتبار پێگەیشت كە پارەی‌ ساختەیان پێیەو دەیانەوێت لەناو بازاڕی‌ شاری سلێمانی‌ ساغی‌ بكەنەوە، دەستبەجێ مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی فریاكەوتن‌ ‌ لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو و گەیشتنە شوێنی‌ مەبەست.
رونیشكراوەتەوە: توانیان لەناو بازاڕی‌ شاری سلێمانیدا دوو تۆمەتباری‌ بە رەگەزنامە ئێرانی‌ دەستگیربكەن كە زیاتر لە 7 ملیۆن دیناری‌ پەنجا هەزاری ساختەیان پێبوە لەگەڵ چەكێكی‌ بانكی‌ 10 ملیۆن تمەنی‌.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشكردوە: لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار كە لەدایكبووی‌ 1994 و 1990ن بەبڕیاری‌ دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group