شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ: هیچ یەك لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان نەبوون

03/05/2021

نەوا-
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا كراوە هیچ یەك لە بەرپرسانی حزبەكەی لە هەولێر ئاگاداری نەبوون.
 شاڵاو كۆسرەت رەسوول، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی كشانەوەی رێباز بێركۆتی لە كاندیدبوونی بۆ پەرلەمانتاری عێراق، نامەیەكی بۆ ناوبراو ناردووە و نووسیویەتی: "بەداخم كە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەكەمان جەنابتی تێدا نییە، لە كاتێكدا بۆ سەركەوتنی یەكێتی لە هەولێر پێویستمان بە كەسایەتی جەنابت و پەیوەندییەكانت بوو، بەداخەوە كە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەك لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون ئەم دۆخەی دروستكرد.
راشیگەیاندووە، "هیوادارم هاوپەیمانێتییەكە سەركەوتوو بێت و هیچ شوێنێك نەكرابێتە قوربانی شوێنێكی دیكە و براوەی سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت".  
بەرلەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتی رابگەیێنن، رێباز بێركۆتی، كاندیدی یەكەمی بازنەی یەكێتی هەولێری ئەو حیزبە بوو، بەڵام دوای رێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان، گۆڕانكاری بەسەرداهێنرا و ژنێك لە شوێنی رێباز بێركۆتی كاندیدكرا.
 رۆژی شەممە هاوپەیمانی كوردستانی، لە نێوان یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا بە سەرۆكایەتی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان راگەیێندرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group