فراكسیۆنی پارتی: هه‌ندێك لایه‌ن کەوتوونەتە وێزەی دادگا و سەروەری یاسا

07/05/2021

نه‌وا
فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی كه‌یسی سزادراوانی بادینان داوا له‌ فراكسیۆنه‌كان و لایه‌نه‌كان ده‌كات رێز له‌ سه‌روه‌ری یاسا بگرن.
له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، لە چەند رۆژی رابردوو لەدوای بڕیاری دادگا بۆچەند دەستگیرکراوێک، کە لەژێر رۆشنایی بەڵگە و دۆکیۆمێنت و دانپێدانانی خۆیاندا و بە ھەموو پڕۆسەیەکی یاسایی و کراوەدا بە پێی حوکمی یاسا بەرکارەکان سزادراون، ھەندێك لایەن و فراكسیۆنی په‌رله‌مانی دوور لە بنەماکانی جیایی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان، کەوتوونەتە وێزەی دادگا و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت دەست لە کاروباری دادگاکان وەربدەن.
فراكسیۆنی پارتی راشیگه‌یاندووه‌، بەر لە هەرکەسێک خۆمان بە پێشڕەوی رێزگرتن لە یاسا و وننەبوونی حەق دەزانین، پاڵپشتی ئازادی و بیروڕای ئازاد دەکەین، بەڵام  بۆ مەرامی سیاسی و ململانێی حیزبی و موزایەدە و بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستخۆشی لەهیچ کەسێک ناکەین، كه‌ ئازادی و دیموکراسی و بەرگی رۆژنامەگەری بکاتە سێبەرێک لەپەنایدا سیخوڕی و کاری تێکدەرانە و پلانی تێکدانی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.
له‌ كۆتاییشدا رایگه‌یاندوه‌، لیژنەکانی پەرلەمان دەبێت بزانن زەوی دزین و قاچاغی و ماددەی هۆشبەر و خواردنی بەسەرچوو و دوگی قاچاغ لەبری دروستکردنی میدیا و پەیج و جنێودان بە قازانجەکانیان و پڕکردنی گیرفانی قاچاغچییەکان، دەبێت دادگایی بکرێن چونکە بکەرانیان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت هەرێم لەناو ببەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان:

بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو لەدوای بڕیاری دادگا بۆچەند دەستگیرکراوێک، کە لەژێر رۆشنایی بەڵگە و دۆکیۆمێنت و دانپێدانانی خۆیاندا و بە ھەموو پڕۆسەیەکی یاسایی و کراوەدا بە پێی حوکمی یاسا بەرکارەکان سزادراون، ھەندێك لایەن و فراكسیۆنی په‌رله‌مانی دوور لە بنەماکانی جیایی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان، کەوتوونەتە وێزەی دادگا و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت دەست لە کاروباری دادگاکان وەربدەن.

ئێمە بەر لە هەرکەسێک خۆمان بە پێشڕەوی رێزگرتن لە یاسا و وننەبوونی حەق دەزانین، پاڵپشتی ئازادی و بیروڕای ئازاد دەکەین، بەڵام  بۆ مەرامی سیاسی و ململانێی حیزبی و موزایەدە و بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستخۆشی لەهیچ کەسێک ناکەین، كه‌ ئازادی و دیموکراسی و بەرگی رۆژنامەگەری بکاتە سێبەرێک لەپەنایدا سیخوڕی و کاری تێکدەرانە و پلانی تێکدانی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.

دادگا دەبێت بەرچاوی روون بێت و کەیسەکانی دیزە بەدەرخۆنە نەکرێن، وەک ئەوەی بینیمان بەر لە ماوەیەک دوو رۆژنامەڤانی دیاری ئەم هەرێمە لەشاری سلێمانی بێ دادگایی و بێ ئەوەی تاوانیان دەستنیشانبکرێت، لەگەڵ کۆرپەکەیان لەبەرچاوی هەموو دنیا شەهیدکران، لەبەرچاوی هەموو دنیا "موستەفای سەلیمی" بێ شەرمانە تەسلیم کراو باوەشی کراوە و میوانداری بۆ کوردانی هەموو پارچەکان لەلایەن هەرێم لەکاتی تەنگانەدا شێوێنرا.

ئێمە دەمانەوێت دادگا ئازایانە هەموو بڕیارێکی عادیلانە بدات و لەژێر کاریگەری هەست و سۆز و دەستوەرداندا نەبێت، لیژنەکانی پەرلەمان دەبێت بزانن زەوی دزین و قاچاغی و ماددەی هۆشبەر و خواردنی بەسەرچوو و دوگی قاچاغ لەبری دروستکردنی میدیا و پەیج و جنێودان بە قازانجەکانیان و پڕکردنی گیرفانی قاچاغچییەکان، دەبێت دادگایی بکرێن چونکە بکەرانیان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت هەرێم لەناو ببەن، بۆیە حەق وایە بەدواداچوونی وردبکەن لەمبارەیەوە ئەگەر خەمێک بۆ سەروەری داگاو یاسا هەیە.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group