پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم دەست بە كارەكانی دەكات

16/05/2021

نەوا-
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكات و لە مانگی حەوتیشدا دەست بە بەرهەمهێنانی ئارد دەكات، كە ھەلی كار لە یەكەم قۆناغدا بۆ 500 كەس دەڕەخسێنێت.
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە میدیای فەرمی پارتی وتووە، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكات، كە بڕیارە ئەوەی هەولێر 250 ھەزار تۆن وەبگرێت، لە پارێزگاكانی دیكەش پڕۆژەكان جارێ دەستیان بە كار نەكردووە، ئەگەرنا هەمووی بۆ هەولێر بێنن، دەبێتە 500 هەزار تۆن، وەرگرتنی گەنمەكەش بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و كۆمپانیا دەبێت، كە بە چ نرخێك دەبێت و نرخەكەش لە بازاڕ گرانتر دەبێت.
وتیشی، بڕیارە ئەو پڕۆژەیە لە مانگی حەوتدا دەست بە بەرهەمهێنانی ئارد بكات و لە یەكەم قۆناغیشدا دەرفەتی كار بۆ نزیكەی 500 كەس دەڕەخسێنێت لەناو پڕۆژەكەدا، وەكو دابەشكردن و گواستنەوە و بریكار و لە دەرەوەش سوودی زۆری دەبێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی كار، بۆیە بەپێی ئەو پڕۆژەیە ھەموو جۆرە دانەوێڵەیەك بەرهەم دێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە زۆر سایلۆ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ چەندین كارگەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە، وەكو ئارد و بڕوش و جۆرەكانی دیكە، بۆیە ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و دەتواندرێت ئارد بۆ نیوەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان دابین بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group