بافڵ تاڵەبانی: بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

10/06/2021

نەوا-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: تاوەكو ئێستا كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق تەنها بەرهەم ساڵحە.
بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی شەرقییە دەڵێت، "بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە دۆخێكی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە تا ئێستا كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار".
وتیشی: "یەكێتی بە هێزەوە لە بەغدا ئامادە دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ قسەكردنی لەسەر هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێمە لە كوردستان لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ هەندێك لایەن، بەڵام دژی هیچ لایەنێك نییە و پێمان وایە دەبێت كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بێت."
هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی سەردانەكەشی بۆ بەغدا وتی، "ئێمە لەگەڵ هاوكارەكانی خۆمان زۆر شتمان باس كرد، بە دڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنەكانمان كرد، گەلی كورد داوای هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام ئامادەین بۆی، تەنانەت یەكێتی بڕوای وایە كە دەبێت لەم كاتەی ئێستادا هەڵبژاردن بكرێت."
دەشڵێت، "پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی سەقامگیر و ئاسایشدا ئەنجام بدرێت، دور لە هەموو دەستێوەردانێك، پێمان باشە لایەنێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام سەروەری عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێمە و پێمان وایە دەبێت دۆسیەی هەڵبژاردنەكان لە دەستی خۆماندا بێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group