بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌ باره‌ی به‌های دۆلاره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

11/06/2021 عێراق

نه‌وا
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ده‌ڵێت: هیچ لێدوانێكی له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ری زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار نه‌داوه‌.
ئیحسان شەمران یاسری، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە: “ئەو هەواڵانەی لە زاری منەوە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارێک بۆ دوو هەزار و 400 دیناری عێراقی بڵاوکراونەوەتەوە، ناڕاست و هەڵبەستراون و هیچ بنەمایەکیان نییە”.
راشیگەیاندوە: “ئەو جۆرە هەواڵانە دروستکراوی ئەو سوپا ئەلکترۆنییانەیە کە دوژمنی گەلی عێراقن و زیان بە ئابوری وڵاتەکە ده‌گه‌یه‌نن”.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ سەرووی 150 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە و رۆژی پێنج شەممەش بانکی ناوەندی رایگەیاندبوو: “بەمەبەستی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئاستی خستنەڕووی دۆلار بۆ بازاڕ بەرزدەکەنەوە”.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group