وڵاتانی كەنداو: پێویستە پرسی بەرنامە موشەكیەكەی ئێرانیش لە ڤییەننا باس بكرێت

17/06/2021 جیهان

نەوا-
وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو داوادەكەن لە دانوستانەكانی ڤییەننادا هەر دوو پرسی بەرنامە موشەكیەكەی ئێران و دەستوەردانەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەش بخرێنە بەرنامەی كارەوە.
لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو كە لە ریاز بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەندام لە راگەیەنراوێكدا باسیان لەوەكردوە، كە پێویستە لە دانوستانەكانی ڤییەننا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، پرسی بەرنامەی موشەكی ئێران و رۆڵی ئەو وڵاتە لە نانەوەی پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس بكرێت.
جەختیشیان كردوەتەوە، كە جیاكردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەرنامە موشەكیەكەی و پاڵپشتیەكانی تاران لە گروپە ملیشیاكانی ناوچەكە مەترسیدارە.
وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو داواشیان كردووە، وڵاتانی زلهێز ئەمجارەیان رێككەوتنێكی تۆكمە و درێژخایەن لەگەڵ ئێران واژۆ بكەن بۆ ئەوەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرنتی بكرێت و رێگەش نەدرێت بە درستبوونی كێبڕكێ لەسەر كڕین و پەرەپێدانی چەك لە ناوچەكە.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 دانوستانی چڕ لە نێوان ئێران و وڵاتانی كۆمەڵەی چوار كۆ یەك لە ڤییەننا لە ئارادایە.
ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بۆ پابەندبوونەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی بگەڕێتەوە، سزاكانی لە سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group