ئەنوەر شێخە: من نەخۆشخانەی هیوام دروستكرد چۆن دەستم تێی دەچێت تێكی بدەم

20/06/2021

نەوا-
ئەنوەر شێخە پزیشكی پسپۆری نەخۆشی شێرپەنجە وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە باس لەوە دەكەن كە ئەو هۆكاری پەراوێزخستن تا داخستنی نەخۆشخانەی هیوایە، ناوبراو دەڵێت، "من هیوام دروستكرد چۆن ویژدان و دەستم تێی دەچێت تێكی بدەم؟!"
چەند ڕۆژێكە ئەگەری داخستن و پەراوێزخستنی نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بەچارەسەركردنی توشبووانی شێرپەنجە بۆتە جێگەی باس و خواست لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و یەكێك لەو پزیشكانەی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەكرێت، د. ئەنوەر شێخەیە كە خۆی یەكێكە لەدامەزرێنەرانی نەخۆشخانەی هیواو لەئێستادا خاوەنی نەخۆشخانەیەكی تایبەتە لەشاری سلێمانی.
هەر لەو چوارچێوەدا ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئەو پزیشكە تۆمەتبار دەكات بەپەراوێزخستنی نەخۆشخانەی هیواو ڕاكێشانی نەخۆشەكانی بۆ نەخۆشخانە تایبەتییەكەی خۆی.
لەبەرامبەر ئەو تۆمەتباركردنەی، د. ئەنوەر شێخە پزیشكی پسپۆری نەخۆشی شێرپەنجە دەڵێت، "من هێندێك ناساغم و لەئەمریكام، شەرتە هەر گەڕامەوە هەموو ژیانم تەرخان كەم بۆ محكمە و محامی تاكو سزای خۆی وەردەگرێت. دەبێت ئەو بوهتانە ناڕەوایانەی بسەلمێنێت."
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو خۆی نەخۆشخانەی هیوای دروستكردووە، "چۆن ویژدان و دەستی تێی دەچێت تێكی بدات؟!"
ئەنوەر شێخە نوسیویشیەتی، "من لە 3٪ی نەخۆشخانەكەم ئیشی شێرپەنجە دەكات و هەموو مانگ لە زەرەردایە!.. وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئەو پەرلەمانتارەی كە تۆمەتباری كردووە نوسیویەتی: گەر ڤیلاشم وەرگرتبوو وعدی پیاو ئەیدەمە ئەو. حاڵمان بۆیە خۆشە پەرلەمانی وامان هەیە، من ژیانم كرد بەبەر خزمەتی شێرپەنجەی كوردستاندا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group