رۆژنامەیەكی ئیسپانی: جیاوازی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە وەك زەوی و ئاسمان وایە

26/06/2021 وەرزش

نەوا-
رۆژنامەیەكی مەدریدی بڵاویكردووەتەوە، جیاوازی نێوان هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەی ئیسپانی وەك جیاوازی ئاسمان و زەوی وایە و ژمارەكانیش ئەوە دەسەلمێنن.
رۆژنامەی ABC لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەرشەلۆنە زیاتر لە یەك ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ قەرزارە، هەروەها دەتوانێت ساڵانە تەنها 234 ملیۆن یۆرۆ وەك موچە دابین بكات، بەڵام ریاڵ مەدرید توانای ئەوەی هەیە 473 ملیۆن و 300 هەزار یۆرۆ وەك موچە دابین بكات، ئەوەش بودجەیەكی گەورەیە و رێگە نایابەكەی فلۆرەنتینۆ پێرێس لە ئیدارەداندا پیشان دەدات.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەوەیە جیاوازی ئیدارەدانی یانەیەك وەك دامەزراوە و ئیدارەدانی یانەیەك بە شێوەیەكی هەڕەمەكی، هەموو ساڵێك لیۆنێل مێسی 135 ملیۆن دۆلار لە خەزێنەی یانەی بەرشەلۆنە دەبات، هەروەها بەهۆی گرێبەستكردن لەگەڵ عوسمان دیمبڵی فەرەنسی و كۆتینهۆی بەڕازیلی قەرزەكانی سەر بەرشەلۆنە زیادیان كرد، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی 222 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشتنی نیمار دەستكەوت.
رۆژنامە ئسپانییەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنها 40 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە لەسەر ریاڵ مەدرید دەكەوت، كاتێكیش داوای زیادكردنی موچەی كرد رەتكرایەوە و بەهۆی ئەوەشەوە یانەكەی جێهێشت، ریاڵ مەدرید بەبڕی 200 ملیۆن یۆرۆ خەرجی كەمكردووەتەوە، پێویستە یانەی بەرشەلۆنەش بە بڕی زیاتر لە 47% خەرجی كەمبكاتەوە كە دەكاتە 322 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێ هەمان رۆژنامە، وەرزی پێشوو ریاڵ مەدرید 414 ملیۆن یۆرۆی وەك موچە دەدا، بەهۆی كەمكردنەوەی موچەشەوە توانی بڕی ئەو پارەیەی كە بۆی دیاری كراوە 60 ملیۆن یۆرۆ بەرز بكاتەوە و گەیشتە 473 ملیۆن و 300 هەزار یۆرۆ، بۆیە دەتوانێت دوو هێندەی بەرشەلۆنە موچە بدات، لەكاتێكدا ریاڵ مەدرید نیازی ئەوەی هەیە لەگەڵ كیلیان مباپێی فەرەنسی و ئێرلینگ هالاندی نەرویجی گرێبەست بكات، ئەستەمە بەرشەلۆنە بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نایابدا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group