باکوری کوردستان.. چەند زیندەوەرێکی دەریایی بە بەردبوو دۆزرانەوە

14/08/2021 هەمەڕەنگ

نەوا
لە شارۆچکەی بوڵانک سەربە پارێزگای مووش لە باکوری کوردستان، لە ئەنجامی پشکنینی زەویدا چەند زیندەوەرێکی دەریایی بەبەردبوو دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان بە 35 ملیۆن ساڵ دەخەمڵێندرێت.
لە ناوچەکانی نزیک گوندی ئاکچائارموت سەربە شارۆچکەی بوڵانک، د. ئیسکەندەر دۆلەک مامۆستا لە زانکۆی مووش ئاڵپئارسڵان کە لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرە بەبەردبووەکان دەکات، چەند زیندەوەرێکی ئاوی بەبەردبووی لە زەوییەکی کشتوکاڵییدا دۆزییەوە و لە ئێستاشدا زیندەوەرە بەبەردبووەکان بۆ دیاریکردنی رەگەز، جۆر و تەمەنیان نێردراون بۆ لێکۆڵینەوە.
ئیسکەندەر دۆلەک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی درێژە لە ناوچەکەدا لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرە بەبەردبووەکان دەکەن و ساڵی رابردووش ژمارەیەک زیندەوەری بەبەردبووی دیکەیان دۆزیوەتەوە، وتیشی: "بەگوێرەی ئەو زیندەوەرە بەبەردبووانەی لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە لە رابردوودا ئێرە دەریا بووە و ئاوەکەیشی گەرم بووە چونکە ئەو زیندەوەرانەی دۆزراونەتەوە لەو جۆرانەن کە لە دەریا گەرمەکانی سەر هێڵی یەکساندا ژیاون".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group