ناوەندێكی بەریتانی: زیاتر لە 1%ی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا ئەوانەن ڤاكسینیان وەرگرتووە

7 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
نوسینگەی سەرژمێری نیشتمانی لە بەریتانیا ئاشكرای كرد، 1.2ی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە ئەو كەسانەن كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش لەماوەی 7 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا.
نوسینگەكە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی سەرژمێرییەكان لە 2ی مانگی یەكی ئەمساڵەوە تا 2ی مانگی حەوت 51 هەزار و 281 گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا تۆمار كراون، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكیان ڤاكسینیان وەرگرتووە.
رونیشكراوەتەوە، لە نێو ئەو ژمارەیە 458یان دوای 21 رۆژ لە وەرگرتنی دووە ژەمی ڤاكسین گیانیان لەدەستداوە، 256 كەسیان ئەوانە بوون كە بە تەواوەتی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە و دوای 14 رۆژ لە ژەمی دووەم تووشی پەتاكە بوون.
لەدوای ئەمریكا و هندستان و بەڕازیل، بەریتانیا چوارەم وڵاتی جیهانە لە رووی تۆماركردنی ژمارەی توشبووان و تائێستا زیاتر لە 7 ملیۆن توشبووی تۆمار كردووە، هەروەها لە رووی ژمارەی گیان لەدەستدانەوە هەشتەم وڵاتی جیهانە و زیاتر لە 134 هەزار كەس بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group