وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی کارەبا واژۆ کرد

14/09/2021

نەوا
وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆکرد بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان.

 کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا گرێبەستێکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی سکادا لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ستێر و کۆنترۆڵ ماتیک واژۆکرد، پرۆژەکە بە تێچوونی 37 ملیۆن و 982 هەزار دۆلار لە ماوەی 900 رۆژدا جێبەجێدەکرێت.
 پرۆژەی سکادا بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بەکاردێت.
 هەر لە بارەی ئەو گرێبەستەوە ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە، "ئەو گرێبەستەی واژۆکرا یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کە لە رێگەیەوە هەموو داتا و زانیارییەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا  کۆدەکرێتەوە و دەچێتە کۆنترۆڵ و زانیارییەکان لەوێ ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group