پاریس: مباپێ‌ لە یانەكە دەمێنێتەوە

15/09/2021 وەرزش

نەوا-
لیۆناردۆ ئاراوگۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەڵێت، كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی لاوی یانەكە وەرزی داهاتوو پاریس جێناهێڵێت و دەمێنێتەوە، ئەوان پلانی ئەوەیان نییە میسی، نیمار و مباپێ‌ تەنها یەك وەرز بەیەكەوە یاری بكەن.
لیۆناردۆ بە تۆڕی "كەناڵ پلەس"ی فەرەنسی وتووە، بیرمان لە پلانەكانمان نەكردووەتەوە بەبێ‌ مباپێ‌، راستە ریاڵ مەدرید گفتوگۆی لەگەڵ كردین بۆ گواستنەوەی، بەڵام گرێبەستەكەمان بەدڵ نەبوو، كەمتر بوو لەو پارەیەی یاریزانەكەی لە مۆناكۆوە پێ‌ گواستراوەتەوە.
وتوشیەتی، ئەوەی دەوترێت ریاڵ بۆندێكی تری پێشكەش كردووە راست نییە و تەنها یەك جار بوو، مباپێ‌ لە دەرەوەی پاریس سانجێرمان نابینم و كەسیش بیر لە داهاتووی یانەكە بەبێ‌ ئەو ناكاتەوە.
بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سانجێرمان پێشی وایە، پەیوەندی نێوان یانەكە و مباپێ‌ قوڵە بۆیە بیر لە هیچ شتێكی تر ناكەنەوە، بەردەوامی لەگەڵیان زۆر دەگەیەنێت، نەك تەنها لەبەر ئەوەی فەرەنسییە یاخود یەكێك لە باشترین یاریزانەكان، بەڵكو شێوازەكەی بەدڵی ئەوان و زۆر كەسیشە، ئەو یاریزانێكی زۆر باشە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، سێ‌ كوچكەی "میسی، نیمار و مباپێ‌" تەنها بۆ یەك وەرز نییە، هەموو شتێك دەكەین تا وەرزی داهاتووش ئەو سێ‌ كوچكەیە بەردەوام بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group