فازڵ میرانی: پارتی داڕێژەری سیاسەتی گشتییە لە كوردستاندا

15/09/2021
نەوا-
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە یەكێك لە گرفتەكانی كوردستان فرە حزبییە، بەڵام حزبەكەی كاردەكات بۆ ئەوەی وجودی هەرێمی كوردستان بە ئیرادەوە بمێنێت و كۆسپەكانی بەردەم ئەو بە ئیرادەبوونەشی هەڵگرتووە.
لە كۆبوونەوەی چوارەمی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە هەرێمی كوردستان متمانە و پشتگیری زۆری لەسەر ئاستی جیهانیدا بەدەستهێناوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش داڕێژەری سیاسەتی گشتییە لە كوردستاندا، ئەو بڕیارانەشی كە پارتی دەیاندات هەر خۆیشی بەرپرسیارەتییەكەی هەڵدەگرێت. 
وتیشی: ئەو ڕاستییە هەیە، كە دەڵێن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەری دۆزی كورد ئارام نابێت، بەڵام لە عیراقیشدا ئەوە دووبەرامبەر لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، ئەگەر لە عێراقدا كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت ئەوا عێراق وەك دەوڵەت تەنها ناوی دەمێنێ چونكە ئەوان دەتوانن نكۆڵی لە بوونی هەر كێشەیەك بكەن، بەڵام ناتوانن نكۆڵی لە كێشەی كورد بكەن یان باسی كوردستان نەكەن.
فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە ڕێبەرایەتیكردنی ئەو دۆزەی كوردیش لە عێراقدا بە حزبێكی وەك پارتی دەكرێت كە هەموو ئەزموونەكانی لەگەڵ حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان تاقیكردۆتەوە و دەتوانێ لە هاوكێشەكاندا باسەكان یەكلایی بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group