پاریس سانجێرمان داوای سزادانی ریاڵ مەدرید دەكات

10/10/2021 وەرزش

نەوا-
لیۆناردۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی داوا دەكات، بەهۆی هەوڵەكانی بۆ گرێبەست كردن لەگەڵ كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی لاوی یانەكەی، سزای یانەی ریاڵ مەدرید بدرێت.
لیۆناردۆ لەكاتی ئامادەبوون لە میهرەجانی رۆژنامەی "لاگازێتا دیلۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی وتی، لە مەدرید ئەو راستیە باس دەكەن كە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵا مباپێ‌ بكەن، بەڵام ماوەیەكی درێژە هەوڵی ئەوە دەدەن بەبێ‌ بەرامبەر بیگوازنەوە، ماوەی دوو ساڵە بە ئاشكرا باسی مباپێ‌ دەكەن، بۆیە پێویستە سزا بدرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی روودەدات لە پێگەی ئەستێرە فەرەنسییەكە كەمدەكاتەوە، ئەو یاریزانێكی ئاسایی نییە بەڵكو یەكێكە لە باشترین ئەستێرەكانی جیهان، بۆیە لێدوانی بەرپرسانی ریاڵ مەدرید و یاریزانانی یانەكە و راهێنەرەكەیان سەبارەت بە مباپێ‌ بەشێكە لە پلانەكە و ئەوەش بێرێزییە.
بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سانجێرمان وتوشیەتی، پلانەكەمان ناگۆڕین و ئامانجمان نوێ كردنەوەی گرێبەستی مباپێیە و ئەو گەوهەرێكە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گونجاوە، میسی و كیلیان و نەیمارمان هەیە و ناتوانین بەبێ‌ مباپێ‌ پلان بۆ داهاتوو دابنێین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group