تەندروستی جیهانی دانی پێدانا: كۆریای باكور كۆرۆنای تێدا نییە

26/10/2021 جیهان

نەوا-
رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردەوە، لە كۆریای باكور پشكنینی كۆرۆنا بۆ 42 هەزار كەس كراوە و هیچ توشبوویەكیان تێدا نەبووە و ئەو وڵاتە كۆرۆنای تێدا نییە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە راپۆرتی هەفتانەیدا باسی لەوە كردووە، لە ماوەی نێوان 8 بۆ 14ی تشرینی یەكەم پشكنینی كۆرۆنا بۆ 678 هاوڵاتی كۆریای باكور كراوە و هەموویان پشكنینەكانیان پاك بووە.
رونیشكراوەتەوە، لەنێو ئەو كۆریانەشی لە چەند رۆژی رابردودا پشكنینیان بۆ كراوە 113 كەسیان پەتای ئەنفلۆنزا و هەوكردنی توندی سیستمی هەناسەدانیان هەبووە، ئەوانەی تریشیان كە پشكنینەكەیان بۆ كراوە لە كەرتی تەندروستی كاریان كردووە.
بەپێی هەمان راپۆرت، بەوەش كۆی گشتی پشكنینەكان لە ماوەی رابردودا گەیشتوونەتە  42 هەزار و 773 پشكنین و ئەوەش دەیسەلمێنێت، ئەو وڵاتە كۆرۆنای تێدا نییە.
كۆریای باكور كە وڵاتێكی داخراوە بە رووی جیهاندا، رێوشوێنی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا گرتووەتە بەر بەتایبەتی لە سنورەكان و جەخت لەوە دەكاتەوە، وڵاتەكەی خاڵییە لە ڤایرۆسەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group