كواڵێتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان: دەرمان نەك گران نابێت بەڵكو هەرزان دەبێت

01/12/2021

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی كواڵێتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی رایگەیاند، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كردوون سكاڵا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار دەكەن، دەرمان گران نابێت بەڵكو نرخەكەی دادەبەزێنرێت.
بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بڕیار دراوە چاپ كردنی ستیكەر بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەت لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەركرا، ئەوەش لە پێناو رێگەگرتن لە ساختەكاری و ئەنجامدانی بە سیستمی پێشكەوتوو و سەردەمییانە.
سەبارەت بە قسەكانی پەرلەمانتار شێركۆ جەودەت دەربارەی گرانبونی دەرمان ئەوە هاتووە، بەداخەوە بەبێ هیچ پاساوێك هەوڵی بێ ئومێدبونی هاوڵاتیان و چەواشەكاری دەدات لە كاتێكدا هێشتا هیچ پرۆسەیەكی نوێ نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردن باس لە گرانبونی دەرمان دەكات بۆ راكێشانی عاتیفە و شێواندنی رای گشتی.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، رای گشتی دڵنیا دەكەنەوە نەك گران بوونی دەرمان لە ئارادا نیە، بەڵكو پرۆسەی دابەزاندن و رێكخستنەوەی نرخی دەرمان بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەی نرخ و خەرجی لەسەر هاوڵاتیان دەكرێت، هەر بۆیە رێكاری یاسایی و سكاڵا دەخەنە بەردەم دادگا و سە‌رۆكایەتی پەرلەمانی بۆ لێپرسینەوە لەو هەڵوێست و تۆمەت و تەشهیرانەی ئەم پەرلەمانتارە بە چەندین پزیشك و كارمەند و فەرمانبەری كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group