لە دوو پرۆسەی جیاوازدا 17 چەكداری داعش كوژران

11/05/2022 عێراق

نەوا-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزە عیراقیەكان توانیان لە دوو پرۆسەی جیاوازدا لە پارێزگای كەركوك و نەینەوا 17 چەكداری داعش بكوژن.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە میدیاكانی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لیوای 51ی فیرقەی 14ی سوپای عیراق، تونێلێكیان لەگوندی گەڕاوی ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای كەركوك تەقاندووەتەوە و 9 چەكداری داعشی تێدا كوژراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو چەكدارانەی كوژراون هەمان ئەو مەفرەزەیە بوون، كە مانگی رابردوو خاڵێكی لیوای 96ی فیرقەی 14 یان لەسنورەكە كردووەتە ئامانج، ناسنامەی یەكێك لەكوژراوەكان ناسراوەتەوەو‌ یەكێكە لە سەركردەكانی گروپی نەهاوەندی كە بە "ئەبو عومەر" و "ئەبو سەفیە" ناسراوە.
لە لایەكی ترەوە وەزارەتی بەرگری عیراق بڵاوی كردەوە، فڕۆكەیەكی جۆری  F16 عیراقی بە هاوكاری دەزگای دژەتیرۆر هێرشێكی ئاسمانی لە موسڵ ئەنجامداوەو تێیدا 8 چەكداری داعش كوژراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group