یەكێتی ئیدانەی بۆردومانەكانی مەخمورو سنوری ئاغجەلەر دەكات

21/05/2022

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدانەی هەردوو بۆردومانی كەمپی مەخمورو سنوری ناحیەی ئاغجەلەر دەكات.
لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردوە، بەنیگەرانیەكی قوڵەوە لەو پێشهاتە ئەمنی و سنوربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سنوری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و كەمپی ئاوارەكانی مەخمور دەكەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە.
راشیگەیاندوە، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكار و خانەوادەكانیان  دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم هێرشانە دەكەین و داوا لەحكومەتی عیراق دەكەین كە ئەركی دەستوریی و نیشتمانی خۆی لە پاراستنی خاك و ئاسمانی عیراق بە كوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە حكومەتی توركیا لەم پێشێلكارییە ئاگادار بكاتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەشیكردوە، هاوكات حكومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی كونسوڵی توركیا لە هەرێم بكات و روونكردنەوە بدرێت، چونكە هیچ بیانوویەك نییە بەهۆی سنوربەزاندنەوە خەڵكی مەدەنی لە رووی گیانی و مادییەوە زەرەرمەندبن، خوێنی هاووڵاتیانمان پیرۆزە و داوادەكەین پیرۆزییەكانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە كلیلی چارەسەری كێشەكان.

‏‎

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group