پێدەچێت كێشەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا چارەسەر ببێت

28/05/2022

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كە هاوكات ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عیراقە رایگەیاندوە، هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ راگرتنی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا.
ئاریان تاوگۆزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، پاش بە دواداچونمان بۆ كێشەی ئەو پەنابەرە كوردانەی كە لە بەریتانیا دەستبەسەركراون، كە بڕیاربو بە زۆرەملێ رەوانەی فرۆكەخانەی هەولێر بكرێنەوە، لە پەیوەندیمان لەگەڵ باڵیوزخانەی بەریتانیا لەعیراق و بەرپرسی دیسكی عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە لەندەن داوامانكرد پرۆسەی بەزۆر ناردنەوە رابگرن، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە پێیان راگەیاندین كە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاگادار دەكەنەوە.
تاوگۆزی ئاماژەشی كردوە، وەك ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عیراق پەیوەندیمان كرد بە وەزارەتی دەرەوەی عیراق و دەستەی فرۆكەوانی عیراقی و چەند رێكخراوێكی پەنابەری بەریتانی و نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە گۆڕانكاری باش هاتۆتە ئاراوەو كێشەی ئەو پەنابەرانە بەرەو چارەسەركردن دەڕوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group