ئایا تەقاندنی پەنجەكان زیانیان هەیە؟

05/06/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
زۆرێك لە مرۆڤەكان پێویستیان بەوەیە كە رۆژانە پەنجەكانیان بتەقێنن، هەركەسە و شێوازی خۆی هەیە بۆ ئەو كارە، لە كۆنیشەوە باوە كە دەوترێت زیانی تەندروستی هەیە، بەڵام پزیشكێك ئەمە رەتدەكاتەوە.
پێگەی "ئینفیرس" بڵاویكردووەتەوە، 54%ی دانیشتوانی جیهان بەردەوام پەنجەكانیان دەتەقێنن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە بیرۆكەیەك هەیە دەڵێت، زیانی تەندروستی هەیە و كاریگەری مەترسیدار بەتایبەتی لە بەتەمەنەكاندا جێدەهێڵێت، بەڵام راستییەكەی بەو شێوەیە نییە.
كیرا كابۆزۆلۆ پزیشكی چارەسەری فەقەرات و شارەزای تەندروستی باسی لەوە كردووە، تەقاندنی پەنجەكان هیچ مەترسیەكی تەندروستی نییە، هەروەها كارێكی خراپ نییە ئەگەر بەشێوەیەكی هەڵە و زیانبەخش ئەنجام نەدرێت.
ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات، زۆر بە دەگمەن تەقاندنی پەنجەكان زیانی دەبێت، هەندێكجار كە بەشێوەیەكی هەڵە ئەنجام دەدرێت دەبێتە هۆی شكاندنی جومگەكان و دروستبوونی ئازار و هەوكردن، بۆیە ئەو كاتەش پێویستی بە راستكردنەوەی پەنجەكان هەیە.
ئەو خانمە پزیشكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر وتە و لێدوانێك دەربارەی ئەوەی كە تەقاندنی پەنجەكان زیانی گەورەی هەیە، تەنها خورافیاتێكە كە دایكەكان باسی دەكەن بۆ رۆڵەكانیان.
بەپێی توێژینەوەیەكیش، ئەوانەی پەنجەكانیان دەتەقێنن ئەستوریی كڕكڕاگەی جومگەكانیان زیاترە لەوانەی ئەو كارە ناكەن، كڕكڕاگەش ئەگەری توشبوون بە هەوكردنی جومگەكان و نەخۆشیەكانی تری جومگە كەمدەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group